ئیجلال قەوامی بە بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

21:16 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی دانیشتووی شاری سنە، پاش بەڕێوەچوونی یەکەم دادگای لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، یەکەم دادگای لێپرسینەوەی ئیجلال قەوامی، چالاکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی شاری سنە لە لقی دووی دادگای لێپرسینەوەی قەزایی لەو شارە بەرێوەچوو.

تۆمەتی ئەو چالاکەی مافی مرۆڤە \"بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی\" بووە و ناوبراو پاش تەواو بوونی یەکەم دادگای لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تەمەنی ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی کورد، بانگهێشتی لقی دووی لێپرسینەوەی دادگوستەری شاری سنە کرا.

ئیجلال قەوامی ٢٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام، وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی دژبەری نیزام و بڵاوکردنەوەی گوتاری پێچەوانەی ڕاستییەکان و بێڕێزی بە سپای پاسداران\" دادگایی دەکرێت.