ئیجازەی داکۆکیکردن لە بڕوانامەی قۆناغی کارناسیی باڵایان بە هاووڵاتییەکی یارسانی نەدا

12:07 - 15 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زانکۆی "ڕازیـ"ـی کرماشان، ئیجازەی داکۆکیکردن لە بڕوانامەی قۆناغی خوێندنی کارناسیی باڵایان بە وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان نەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجازەی داکۆکیکردن بە بڕوانامەی "سیاوش حەیاتی"، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای زانکۆی ڕازیی کرماشان و وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسانی نەدرا.

پاش ئەو هەوڵەی زانکۆی ڕازیی کرماشان، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، نامەیەکی سەرئاوەڵای بڵاو کردەوە.

ناوبراو لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، سەرۆکی زانکۆی ڕازیی کرماشانی بە دیبەیتی تایبەت، بە بەشداریی بەرپرسان، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خەڵکی کرماشان، بانگهێشت کردووە.

"سیاوەش حەیاتی" لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، ڕوو لە سەرۆکی زانکۆی ڕازیی کرماشان نووسیویەتی: "جەنابتان لە وتووژێکدا لەگەڵ سەرنووسەری کۆمەڵە چاپەمەنییەکانی فەرتاک، ئیدعای ئەوت کرد کە زانکۆی ڕازیی کرماشان خوێندکاری ئەستێرەداری نییە و بۆ دیبەیت لەگەڵ ڕەخنەگەران ئامادەیی خۆتان دەربڕی. من سیاوەش حەیاتی خوێندکاری بێ ئاسۆی تێرمی کۆتایی کارناسیی باڵای زانستی سیاسی، بۆ دیبەیتێکی تایبەت بانگهێشتان دەکەم".

وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەو نامەیەدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە زیاتر لە ٦ مانگە، ئەو ڕەنجنامەیەی کە بۆ سەرۆکی زانکۆی ڕەوانە کردووە، هەتا ئێستا وڵامێکی ڕوونی پێ نەدراوەتەوە.

ناوبراو لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، ڕایگەیاندووە، پرۆپۆزاڵی پایاننامە کێشەسازەکەم لەژێر ناوی "بوونی بەربەستەکان لە بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شوێنکەوتووانی ئایینی یاری (ئەهلی حەق)"، پەسەند کراوە و پرۆژەکەم بە ئەنجام گەیاندووە. دەبا تێرمی ڕابردوو لەو بڕوانامەیەم داکۆکیم بکردایەت. چوونکە شانم وەبەر درۆ نەداوە و ڕاستگۆیانە لە وڵامنامەی تایبەتدا، ئایینی خۆم نووسیوە، بە تاوانی ڕاستبێژی ئیجازەی داکۆکی بە من نەدراوە.