ئیتلاعاتی کامیاران هەوڵی دەستبەسەر کردنی پیرەپیاوێکی ٨٠ ساڵەی دا

15:40 - 1 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران بەرەوڕووی فشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتووە و ئیدارەی ئیتلاعاتیش لە هەوڵی دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە دایە.

عەبدوڵڵا شادی تەمەن ٨١ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"کاوانە\"ی سەربە شاری کامیاران بەهۆی چالاکیی سیاسیی کوڕەکەیەوە حوکمی زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

عەبدوڵڵا شادی، باوکی ئیسماعیل هەتا ئێستا چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراوەو داوای لێکراوە کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی ئێران.

ئیسماعیل شادی چالاکی سیاسی و مامۆستای قوتابخانەی \"رەجایی\" لە کامیاران، ساڵی ٨٦ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوینی کارەکەی دەستبەسەر کرا و ماوەی چوار مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا دەستبەسەر بوو.

ئەو مامۆستا کوردە، دواتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە \"تەبلیغ بەدژی نیزام\" و \"شەڕ لەگەڵ خودا\" لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تۆمەتبار کرا.

ئیسماعیل شادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند: \"پاش ئەو چوار مانگە بە دانانی بارمتە ئازاد کرام و پاشان لە رێگەی چەند کەسێکەوە ئاگادار کرامەوە کە بە \" شەڕ لەگەڵ خودا(محاربگ)\" تۆمەتبار کراوم، کە بەو هۆیەوە بەناچاری لە کۆتاییەکانی ساڵی ٨٧ی هەتاوی وڵاتی ئێرانم بەجێهێشت.

شادی باسی لەوەش کرد، ماوەیەک پێش ئێستاش برایەکم لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە فشاری خرابوویە سەر و داوایان لێکردبوو، کە من رادەستی ناوەندە ئەمنییەکان بکات، کە بەهۆی گوێنەدان بە داواکەیان ماوەی یەک ساڵ زیندانی کرابوو.

ئیسماعیل شادی کە تەمەنی ٣٧ ساڵ و خێزانداریشە، هەنووکە بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە رووی لە دەرەوەی وڵات کردووەو لە هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە لە درێژەدا گوتیشی: ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران لە دۆسیەکەی مندا، کە بۆ دادگای ناردبوو، داوای کردبوو، سزای لەسێدارە دانم بۆ ببڕنەوە.