ئیتلاعاتی پیرانشار، هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەر کرد

21:16 - 14 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید ئیدریس کەسرەوی\"، خەڵکی گوندی \"نەمنجێ\" و دانیشتووی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: \"تا ئێستا هێزەکانی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە.\"

ئەم هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە و تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"پووریا وەیسی\"، خەڵکی شاری سنە بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، لە شوێنی کارەکەیدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.