ئیتلاعاتی پیرانشار لاوێکی دەستبەسەر کرد

13:42 - 23 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی خەڵکی شاری پیرانشار، سەر بە پارێزگای ورمێ، پاش دەستبەسەر کردن بۆ شوێنیكی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، مەئموورە ئەمنیەتییەکان، لە شاری پیرانشار هێرشیان کردە سەر دووکانی وێنەگریی\"نایس\"، و خاوەن دووکانەکەیان دەستبەسەر کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە\"سەعید ئەحمەدی\" کوڕی \"محەممەد\"ڕاگەیەنراوە. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ناوبراو، هێزە ئەمنیەتییەکان دووکانی ئەو وێنەگرە کوردەیان بە وردی پشکنیوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان گرتووە بە سەر چەندین کامێرای وێنەگرتن، کامپیوتێر و هەروەها تێنووسیێک کە ناوی هاووڵاتییانی تێدا تۆمار دەکرا.
\"\"
سەعید ئەحمەدی
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی سەعید هیچ زانیارییەکیان لە بەردەستدا نیە، بەڵام مەئموورە لیباس شەخسییەکان لە کاتی هێرش کردنیان بۆ نێو ماڵی ئەو هاووڵاتییە، تۆمەتی پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان باس کردووە.

سەرچاوەی هەواڵی کوردپا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە؛ بنەماڵەی سەعید پێشتر خاوەنی\" پێشینەی سیاسی\" بوون و باوکی سەعید لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێسەرو شوێن کراوە و هەروەها برایەکی سەعیدیش ساڵی ڕابردوو، لە زانکۆی ورمێ لە خوێندنی بێبەش کراوە.

لە نوێترین حاڵەتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"ئەمیر وەفایی\" دەستبەسەر کرد.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کرا لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی(٢٠١٧) لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ‌ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان دەستبەسەر کراون، کە لە زۆربەی تۆمەتە وەپاڵدەراوەکان بەو ئەو هاووڵاتییانە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ناڕوونە.