ئیتلاعاتی پیرانشار بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\"ی دەسبەسەر کرد

17:02 - 8 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکن بەرێوەبری کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\"یان دەسبەسەر و دواتر ناوبراویان ناچار کرد ئەو کاناڵە بسڕێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، \"محەممەد خرەد\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار و بەرێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر دەسبەسەر و دواتر ناوبراویان ناچار بە سڕینەوەی ئەو کاناڵە کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\" بە هۆی ڕووماڵکردنی کەموکوڕییەکانی شاری پیرانشار و ڕەخنەگرتن لە نوێنەری ئەو شارە لە مەجلیسی ئێران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار پاش سڕینەوەی کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\"، کاناڵێکیان لە ژێر ناوی \"دەنگی ئینقلابی ئیسلامیی\" ڕیکخستووە و محەممەد خرەدیان ناچار بە بەڕێوەبەری ئەو کاناڵە کردووە.

کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی خانێ\" دوو ساڵ پێش وەرێخراوە، کە لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار سڕدرایەوە و چالاکییەکانی خۆی لە بواری هەواڵەوە لەو کاناڵە ڕاگرتووە.