ئیتلاعاتی پاوە ئیزنی سەرەخۆشیان بە بنەماڵەی پێشمەرگەیەک نەداوە

14:06 - 23 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هیزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئێدارەی ئیتلاعاتی پاوە، ئیزنی سەرەخۆشییان بە بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان، کە چەند ڕۆژ پێش لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکداریدا لە پاوە گیانی لە دەستدابوو، نەداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، ڕێگریان لە بەڕێوەچوونی سەرەخۆشی بۆ شاهۆ وەیسی کرد، کە چەند ڕۆژ پێش لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکدارانەدا لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکان گیانی لە دەستدابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات، بە بنەماڵەی وەیسیان ڕاگەیاندووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک سەرەخۆشی بۆ کوڕەکەیان دابنن و خەڵک سەردانیان بکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، لەگەڵ دۆسیەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە و خۆیان بەرپرسیارن.

شایانی باسە، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی شاهۆ وەیسی، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی شاهۆ وەیسی و باوکیان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی هەینی ٢٠ ڕەزبەر، لە سەیرانگای \"بیمیری\" شاری پاوە، کە پێشتر لە لایەن هێزێکی زۆری حکوومەتییەوە گەمارۆ درابوو، لە نێوان ئەو هێزە پۆشتە و پەرداختە حکوومەتییە کە پێک هاتبوو لە کۆمەڵێک دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ یەکەیەک لە پێشمەرگەکانی ڕێکخستنی شار، سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری پاوە، شەڕێکی قورس هاتە ئاراوە.