ئیتلاعاتی پاوە هاووڵاتییەکیان بانگهێشت و بەڵێننامەیان پێ واژۆ کردووە

10:28 - 6 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پاوە، هاووڵاتییەکی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هونەر حوسێنی" خەڵکی پاوە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئیتلاعاتی سپا پاش بانگهێشتکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەڵێننامەیان لەو هاووڵاتییە وەرگرتووە کە هەتا ١٠ ڕۆژی دیکە نابێ لە هیچ مانگرتنێکدا بەشداری بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکردوون.

ئیدارەی ئیتلاعات داوای لەو هاووڵاتییانە کردووە کە هاتوچۆی شارۆمەندان لە شوێنە گشتییەکاندا کۆنترۆڵ بکەن و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر جۆرە شتێکی گوماناوییان سەبارەت بە مانگرتن بەرچاو کەوت، "سکرین شاتـ"ـی لێبگرن.

ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لەو هاووڵاتییانە کردووە کە لە بەشداری کردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان خۆیان ببوێرن.