ئیتلاعاتی ورمێ‌پێشی بە هەناردنی نامەی پێش نوێژەكانی شاری بۆكان بۆ دەزگای قەزایی گرت

12:14 - 8 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: ژمارەیەك لە ماموستایانی پێش نوێژی شاری بۆكان لە نامەیەكدا بۆ لێپرسراوی دەزگای قەزایی حكوومەتی ئێران، خوازیاری ئازاد كردنی شەش چالاكی مەزهەبیی كورد بوون، بەڵام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری \"ورمێ‌\"وە پێش بەو نامەیە گیراوە.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی كردەوە، لە نامەكەدا كە لەلایەن عەبدولڕەحمان خەلیفەزادە ئیمام جومعە و ژمارەیەك لە مامۆستایانی پێش نوێژی مزگەوتەكانی شاری بۆكانەوە ئیمزا كراوە، هاتووە: ئەو شەش هاووڵاتییە كوردە كە بە تاوانی ئەمنیەتی دەستبەسەر كراون نەتەنیا هیچ كێشەیەكی ئەمنیەتیان نیە، بەڵكوو بوونەتە هۆی ئەوەی كە زۆربەی لاوەكان برەو ئیسلام و ئاینەكانی سوننە رابكێشن.
ئەو پێش نوێژانەی شاری بۆكان داویان لە دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كردووە دەستبەسەر كراوەكان بەبێ‌هیچ مەرجێك ئازاد بكرێن.
ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ‌پێشی بە گەیشتنی ئەو نامەیە بە دەستی سادق لاریجانی لێپرسراوی دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامی ئێران گرتووە.
ئەو شەش چالاكە مەزهەبیە ساڵی 1388 لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر كران و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە گرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان و ورمێ‌دەستبەسەر بوون.
محەممەد بەرایی، حوسێن جەوادی، عوسمان ئەحسەنی، عەبدوڵلا خوسرۆزادە، هێمن مەحموودی تەخت و حیسام محەممەدی دوای راگیرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌و بۆكان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری تاران گوێزرانەوە.