ئیتلاعاتی مەهاباد، مامۆستایەکی ئایینیی له مافی پێشنوێژی لە مزگەوتەکاندا بێبەش کرد

15:49 - 19 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: گوشار و بانگهێشتکردنەکانی مامۆستایانی ئایینی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە، مامۆستایەکی ئایینی ناچار کرد، که یەکێک لە گوندەکانی ئەم شارە بەجێ بهێڵیت.

بهپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی کوردپا، مامۆستا موراد ئەکرەم، پێشنوێژی گوندی \"سەهۆڵان\" به دەستووری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە پێشنوێژییەتی ئەو گوندە لابرا.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە، چەند ڕۆژ لەمەوپێش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و هەڕەشەیان لێ کردووە، کە دەبێ گوندەکە بەجێ بهێڵێت و چیدیکە مافی ئەوەی نییە که لە بیاڤی مەزهەبیدا چالاکی بکات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم مامۆستا کوردە به هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان خەریکی بەجێهێشتنی گوندی سەهۆڵانە و لە پێشنوێژیی مزگەوتەکانیش بێبەش کراوە.

لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە، چەندین جار ئەم مامۆستا کوردە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و هەڕەشەیان لێ کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەم مامۆستا ئایینییەیان ڕاگەیاندووە، که لە ئەگەری وڵام نەدانەوە به خواستەکانی ئەوان لەگەڵ حوکمی قورسی دادوەری بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم مامۆستا کوردەیان به پڕوپاگەندە بۆ مەزهەبی ئیمام شافعی و پێوەندی لەگەڵ جەریانە ئیسلامییەکاندا تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەندامانی شۆرا و بەساڵاچووانی گوندی سەهۆڵان به واژۆی شایەتحاڵانی گەڕەک، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردووەتەوە.