ئیتلاعاتی مەهاباد سێ لاوی کوردی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەستبەسەر کرد

15:53 - 16 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد خاڵندی تەمەن ٢٦ ساڵ، ئیدریس عەزیزیپوور و سەفین حاجی‌رەمەزانی تەمەن ٢٣ ساڵ ئەو سێ لاوە کوردەی خەڵکی گوندی قەرە قشلاخی مەهاباد بوون، کە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی بەفرانبار لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، پێشتر هەرکامەیان بە ٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوون.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، حوکمی زیندانی کرانی ئەو سێ لاوە کوردە لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە (لە ورمێ) پشتڕاست کرابوویەوە.

ئەو سێ لاوە کوردەی خەڵکی گوندی قەرە قشڵاخی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، ناوەڕاستی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر و دواتریش هەرکام بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درابوون و سەرئەنجام پاش مەحکووم کران بەو حوکمە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.