ئیتلاعاتی مەهاباد داوای ٥٠ ملیۆن تمەن لەبنەماڵەی دەستبەسەرکراوان دەکات

13:41 - 22 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە ناڕازیانی ئەم دوایانەی مەهاباد، هەتا ئێستا لەلایەن دەزگا ئەمنیەتی ـ قەزاییەکانەوە هیچ ولامێکی روون بە بنەماڵەی ئەو گیراوانە نەدراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە لێداوانی یەکێک لە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان، بنەماڵەی گیراوانی ئەم دوایانەی مەهاباد سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان کردووە و لەگەڵ داواکاری ٥٠ میلۆن تمەن پارەی نەختی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە، \" کاتێک کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەم چوومە ئیدارەی ئیتلاعات، پاش چەند کاتژمێر سەرگەردانی و چاوەڕوانی بە من وترا کە دەبێ ٥٠ ملیۆن تمەن پارە بەو ناوەندە ئەمنیەتییە بدەی.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، هێزە ئەمنیەتییەکان رێگەیان نەداوە کە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان چاویان بە رۆڵەکانیان بکەوێ و لەو بارەیەشەوە هیچ لایەنێک وڵامدەر نیە.

بەپێی دوایین هەواڵ و راپۆرتەکان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون.

ئاژانسی کوردپا ناو و شوناسی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی لەبەر دەست دایە، بەڵام ناتوانێ هەواڵی راستی و دروستی دەستبەسەر کردنی ١٧٠ کەس کە لەراگەیەنەکانی دیکە بڵاو بووەتەوە پشتڕاست بکاتەوە.

لە یەکەمین چرکە ساتەکانی رۆژی هەینی ١٨ی بانەمەڕەوە، هێزە نیزامی ـ ئەمنیەتییەکان بەشێوەی رێکخراو، دەستیان بە گرتنی خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد کرد.

ژمارەیەک لەو ناڕازیانە لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێ بوونی مۆڵەتی دادگا دەستبەسەر کران.