ئیتلاعاتی مەشهەد/ نووسین بە کوردی لە بەرژەوندیی دژبەرانی ئینقلابە

17:02 - 13 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد کەڵک وەرگرتن لە ڕێنووسی لاتینیی کوردیی بە زیانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبی پەروەردەیی زمانی کوردی بە ڕێنووسی لایتنیی کوردی لە شاری خۆراسان ڕاگیرا و نووسەری ئەو کتێبە کەوتە ژێر لێپێچینەوە.

پاش ڕاگرتنی ئەو کتێبە، ئیدارەتی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد دژکردەوەی توندی سەبارەت بەو کتێبە نێشان دا.

بە دوای هەڕەشە و گوشار لە سەر ئامادەکارانی ئەو کتێبە پەروەردەییە بە ڕێنووسی لاتینیی کوردی لە شاری خۆراسان، نووسرانی ئەو کتێبە نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە.

نوسخەیەکی ئەو نامەیە کە لەلایەن عەباس ئیسماعیلی، محەممەد تەقەوی و مێهدی جەعفەر زادە\"نووسرانی ئەو کتێبە\" بڵاو کراوەتەوە، بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتوو،

\"\"لەو نامە سەر ئاوەڵایەدا هاتووە، لە بیرتانە لە سەرەتای هەڵبژاردندا، ئەو ڕستەیە بووە وێردی زمانەکان و خەڵک بە شۆخی دووپاتیان دەکردەوە: \"زمانی کوردی خوا ئازادی کردووە\"؟، هێشتا شادی و خۆشیی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکان لە دڵی خەڵکدا تەواو نەبووە، بڵاو کردنەوەی کتێبێکی سەد لاپەڕەیی پەروەردەیی بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی کوردیی \"کرمانجی\"، لەگەڵ شانۆی ئەمنیەتی لە چوارچێوەی ئەم جوغرافیایەدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

نووسەرانی ئەو کتێبە پەرەوەردەییە لەو نامەیەدا ڕایانگەیاندووە؛ \"زمانی کوردی خوا ئازادی کردووە\"، بەڵام لە یەکەم هەنگاوەکانی پاش کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن، یەکەمین کتێبی پەروەردەیی مۆڵەت پێدراو، ڕاگیرا و لەم ڕۆژانەدا هەرکەس ئەو کتێبەی کڕیووە یان پێشکەشی کراوە، بانگهێشت و لە لایەن خۆشەویستانی گومنامی ئیمامی زەمانەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە.

لە کۆتایی ئەو نامەیە نووسراوە: زۆربەی کرمانجی زمانە دەست بە قەڵمەی ئەو ناوچەیە، سەرەڕای نووسینی بەرهەمی زۆر، هێشتا لە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیاندا ماونەتەوە.