ئیتلاعاتی مەریوان هاووڵاتییەکی کوردی دەستبەسەر کرد

16:25 - 25 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەهاووڵاتییانی کورد لەگوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کە دەستبەسەر کرابوون، کەسێکی دیکەشیان پێوە زیاد بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشیان کردووەتە سەر گوندی نێ و هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان بە ناوی \"فاتێح مینووی\"کوڕی سەید محەممەد دەستبەسەر کردووە.

پێشتر و رۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژ، \"ئومیدپەرهیزگار\"تەمەن ٢٧ساڵە و \"ناسیح پەروازە\" تەمەن ٤٠ساڵ خەڵکی گوندی\" نێ\" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند: فاتێح مینوویی تەمەن ٣٩ساڵە پێشتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بانگهێشت کرابوو.

هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەر کردنی فاتێح و ئەو دوو هاووڵاتیەی دیکە هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئاژانسی کوردپا لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری پێگەیشتووە کە ئەو سێ هاووڵاتییە بەبیانووی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی دەستبەسەر و لە ژووری تاکە کەسی گرتنەگەکاندا راگیراون.

هەواڵی‌ پێوەندیدار:
ئیتلاعاتی مەریوان دوو هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر کرد