ئیتلاعاتی مەریوان دوو هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر کرد

16:23 - 22 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات لە شاری مەریوان دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوراشەممە ٢١ی گەڵاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی گوندت \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان بە ناوەکانی ئومید پەرهیزگار تەمەن ٢٧ساڵە و ناسیح پەروازە تەمەن ٤٠ساڵە لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئومید پەرهیزگار لە چەند مانگی رابردوو، بۆ چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوە.

\"28363.jpg\"
ئەو دوو هاووڵاتییە کورد پێشترێش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو
بەپێی لێدوانی هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، بنەماڵەی ئومید پەرهیزگار بۆ بەدواچوونی چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لە دانی هەر چەشنە زانیاریەک سەبارەت بە ئومید خۆیان بواردووە.

هەروەها ناسیح پەروازە بۆ دووهەمین جارلەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بانگهێشت کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی راپۆرتەکەیدا لە زاری نزیکانی پەروازە راگەیاندووە، ناسیح پێشتر لەلایەن مەئمورانی ئەمنیەتییەوە بە هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە.

تا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بە سەر دەبن و بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە هۆکاری سەرکیی دەستبەسەر کردنی ئەو دوو هاوڵاتییە کورد رانەگەیەنراوە.