ئیتلاعاتی شنۆ دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەم شارەی دەسبەسەر کرد

14:29 - 13 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عوسمان زەبرە\" خەڵکی تاچینئاوا\"ی شاری شنۆ و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە ناوچەی \"دەشتەبێڵ\" هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"ڕزگار مەعرووفی\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی ئەحمەد دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە بێ‌بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراوە.

ڕزگار مەعرووفی خوێندکاری ڕشتەی مێعماری لە زانکۆی ورمێیە و ساڵی ٩٤ پاش بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی خوێندکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە.

وێنه: عوسمان زەبرە