ئیتلاعاتی شاری نەغەدە ڕێگری لە ئازادکردنی هاووڵاتییەکی کورد دەکات

11:48 - 28 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە، ڕێگری لە ئازادکردنی زیندانییەکی شنۆیی لە زیندانی شاری نەغەدە، دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەک بە ناوی "عەلی ئیسماعیلی"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "جاشێرانـ"ـی شاری شنۆ کە لە زیندانی نەغەدەدایە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدەوە، ڕێگری لە ئازادبوونی دەکرێت.

پێشتر، وەزارەتی ئیتلاعات لەو ماوەیەدا، ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی دادگایی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە و هەتا ئێستا دۆسیەی ناوبراو ڕەوتی یاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە، سەرەڕای دانانی دوو سەنەدی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادکردنی عەلی ئیسماعیلی، ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە هەنووکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی ناوبراو دەرنەبڕیوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە شنۆییە هەموو ڕۆژێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە دەکەن و چاوەڕێی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییەن.

حەوتووی پێشوو بڕیار بوو کە "عەلی ئیسماعیلی" بە دانانی بارمتەی ١میلیارد تمەنی ئازاد بکرێت، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە بە بیانووی مانگی موحەڕەم ڕێگریی لە دادگاییکردنی ناوبراو کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، "عەلی ئیسماعیلی" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.