ئیتلاعاتی شاری سنە چالاکێکی کرێکاریی بانگهێشت کرد

16:05 - 16 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕ، ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، \"نامق باباخانی\"، چالاکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سنەی بانگهێشت کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو چالاکە کرێکارییەی بۆ \"بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە شوێنی سەندیکای خەبازانی شاری سنە\" گەڕاندەوە.

لەو پەیوەندییەدا، \"عوسمان ئیسماعیلی\"، چالاکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سەقز، بە بارمته‌ی ٣٢ میلیۆن تمەنی، بۆ بەندی سەڵامەتی زیندانی شاری سەقز ڕاگوێزراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە پێنج ڕۆژ پێش لە ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە کوردستان، هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی کرێکاران و هەوڵی دەسبەسەر و بانگهێشت کردنی کرێکارانیان داوە.