ئیتلاعاتی سەقز بۆ ئازادکردنی دەسبەسەرکراوێکی ناڕەزایەتییەکان داوای ٥٠ میلیۆن تمەن دەکات

10:09 - 19 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، داوای بڕی ٥٠ میلیۆن تەمەن پارە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەک بە ناوی "شێرکۆ کەریمی" کوڕی ئیبراهیم، خەڵکی گەڕەکی "تەپەی ماڵان" داوای بڕی ٥٠ میلیۆن تمەن پارەی کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بنەماڵەکەی چەند جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئیدعای بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ دەسبەسەرکردنی شێرکۆ، ڕەت کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئیدارەی ئیتلاعات داوای بڕی ٥٠ میلیۆن تمەن بۆ ئازادکردنی ناوبراو دەکات.