ئیتلاعاتی سپای کوردستان ٥ هاووڵاتیی دەستبەسەر کرد

20:56 - 7 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو لە شاری کامیاران هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناسنامەی پێنج هاووڵاتیی کورد کە نزیکەی یەک مانگ پێش لە شاری کامیاران دەستبەسەر کرابوون، ڕوون بووەتەوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە، لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای کوردستان بە بیانووی لاینگری لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵێک کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە کامیارانیە بریتیە لە؛

١_عەبدوڵڵا پەشابادی کوڕی محەممەد عەلی خەڵکی گوندی زیویە
٢_حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی خەڵکی بزوەش
٣_نامدار قوربانی کوڕی جەعفەر خەڵکی بزوەش
٤_محەممەد سادق کوڕی مەعرووف خەڵکی گوندی بزوەش
٥_حوسێن ڕۆحانی کوڕی قادر خەڵکی گوندی کاشتر

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە دا هاتووە کە؛ ژمارەی دەستبەسەر کراوەکان لەوە زیاتر ڕاگەیەنراوە، بەڵام هەتا ئێستا شوناسی ئەو دەستبەسەرکراوانەی دیکە ناڕوونە.

هاووڵاتییەک کە لە نزیکەوە شایەتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری کامیاران بووە، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: \"لە ماوەی چەند حەتووی ڕابردوودا، بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان بۆ ئاگادار بوون لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکانیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییان لەو شارەدا کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ‌ئاکام بووە\".

ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو: \"فەرماندەی سپای پاسداران لە شاری کامیاران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکانی ڕاگەیاندووە کە؛ هەتا کاتێکی دیاری کراو، ئەو بنەماڵانە لە سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان خۆیان ببوێرن، ئەگینا چاوەڕوانی دەرئەنجامی خرابی ئەو ڕووداوە بن\".

لە مەڕ هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەر کراوەکانی شاری کامیاران هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە، بەڵام مەئموورانی ئەمنیەتیی گوتوویانە؛ ئەو بابەتە پەیوەندیی بە\"لاینگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونەوە\" هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی کوردپا، لانیکەم لە یەک مانگی ڕابردوودا ٢٠ هاووڵاتیی دیکەی کورد، ماوەی یەک هەتا پێنج ڕۆژ لە حیفازەت ئیتلاعاتی سپا لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و هێندێک لەو دەستبەسەر کراوانە بۆ ماوەیەک ڕەوانە ئیتلاعاتی سپای شاری سنە کراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی_ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی نیوەی لەو دەستبەسەرکراونە بە ناڕوونی ماوەتەوە.