ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کوردستان: چالاکانی سیاسی و مەدەنی \"دژە شۆڕش\"ـن

14:42 - 22 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای \"بیت المقدس\"ـی کوردستان داوای هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی \"بیت المقدس\"ـی کوردستان، لە هەوڵی ئەوە دایە کە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان لە دەرەوەی وڵات\"دا، دەستبەسەر بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێران و کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای \"بیت المقدس\" لە دونیای مەجازیدا هێندێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی \"بە دژە شۆڕش\" ناوزەد کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بە تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان لە دەرەوەی وڵات\" تاوانبار و داوای کردووە لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی بکرێت.

لەگەڵ دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدران لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفوونی، هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کورد کردووە کە بە هیچ شێوەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان هیچ جۆرە بابەت و هەواڵ بڵاو نەکەنەوە و پشتیوانیشیان لێ نەکەن.

ئەو دوو ناوەندە ئیتلاعاتییە بە ڕۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنیی کوردیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.

چەمکی\"دژە شۆڕش\" لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە کەس یان لایەنێک دەوترێ، کە چالاکی سیاسی خۆیان بە پێچەوانەی سیاسەتی فەرمی دەسەڵاتی ئێستای ئێران ئەنجام دەدەن.