ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕێگریان لە ئازادکردنی سامان نەسیم کرد

16:22 - 6 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە دروست کردنی دۆسییەیەکی نوێ، ڕێگریان لە ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دۆسییەکی نوێی بۆ سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد دروست کردووە و ناوبراوی بە \"کوشتن و بریندارکردنی چوار ئەندامی سپای پاسداران\" تاوانبار کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئیتلاعاتی سپا بە دروست کردنی دۆسییەیەکی نوێ پێشی بە ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە گرتووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"دۆسییەی نوێی سپای پاسداران بۆ سامان نەسیم، لە حاڵێکدایە کە نابراو لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ حوکمی بێتاوانی لە مەڕ کوشتنی ئەندامانی سپای پاسداران پەسەند کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە دڕیژەدا دەڵێت: \"ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ بۆ لێپرسینەوە سەبارەت بە دۆسییەی نوێی سپای پاسداران، بۆ لقی ٧ی دادسەرای گشتیی شاری ورمێ ڕەوانە کراوە و دادوەری دادگا بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە، کە ئەم دۆسییەیە ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەردەشت کراوە و دادگایییەکەی لەم شارە بەڕێوە دەچێت.

ساڵی ڕابردوو (٩٦)، حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بە پێنج ساڵ زیندان. عەزیز موژدەهی، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە: سامان نەسیم بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا و ئەندامبوون لە حیزبی پەژاک بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و ئەم حوکمەش ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان، لە ڕێگای نووسینگەی زیندانی ورمێ بە سامان نەسیم ڕاگەیەندراوە.