ئیتلاعاتی سپای پاسداران چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەر کرد

16:46 - 14 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەریوان، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئەو چالاکە مەدەنییە لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی منداڵ ئازاری، لەلایەن پۆلیس فەتاوە بانگهێشت کرا.

هەروەها ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئیدارەی پاسپۆرتی سنە بەو چالاکەیان ڕاگەیاندووە کە "ممنوع‌الخروج" کراوە.

پاسپۆرتی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی پاسپۆرتەوە ڕاگیرا.