ئیتلاعاتی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی مەریوانی دەسبەسەر کرد

17:43 - 14 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بریندار کرابوو، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارمان شاکری" لە ماڵەکەی خۆیدا، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر و و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەریوان بە تەقەی مەئموورانی حکوومەتی بریندار و لە ترسی دەسبەسەر کردنی لە چوون بۆ نەخۆشخانە خۆی بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئارمان شاکر لە ماڵەکەی خۆیدا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابووە و  پاش دەسبەسەر کردنی، هەتا ئێستا بەدواچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.