ئیتلاعاتی سپا ڕێگری لە ئازادکردنی سێ خوێندکاری دەسبەسەرکراوی کورد دەکات

11:02 - 30 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ خوێندکاری کورد لە زانکۆی کوردستان، بە هۆی ڕێگریی ڕێخکراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هەر لە گرتنگەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه ڕێگری لە ئازاد کردنی سێ خوێندکاری زانکۆی کوردستان بە ناوەکانی "موسلێم سلێمانی، زانیار ئەحمەدپوور و ئەرشەد ئەتابک" دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم سێ خوێندکارە کوردەیان خستووەتە ژێر گوشار و دەبێت بەڵێننامەی واژۆ بکەن کە جارێکی دیکە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەشداری نەکەن، بەڵام ئەو سێ خوێندکارە کوردە، لە واژۆکردنی ئەو بەڵێننامەیە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: "ئەو سێ خوێندکارە کوردە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنەدان".

ڕێکەوتی ۲٥ی بەفرانبار، سێ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "موسلێم سلێمانی"، "زانیار ئەحمەدپوور" و "ئەرشەد ئەتابەک"، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کران.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکەی ئێران، بۆ مەحکوومکردنی کردەوەی سپای پاسداران بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی و قوربانی‌بوونی نزیکەی ۱۸۰ کەس، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

لەم ناڕەزایەتییانەی زانکۆی کوردستاندا، خوێندکاران دژی حکوومەت دروشمیان دا و ئامادە نەبوون لەسەر ئاڵای ئامریکا کە لەسەر پلەی ئەو زانکۆیە کێشراوەتەوە، هەنگاو بنێن.