ئیتلاعاتی سپا هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەسعەد ڕامین و داود ڕەحیمیی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاند

09:55 - 25 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بنەماڵەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەسعەد ڕامین" و "داود ڕەحیمی"، خەڵکی گوندەکانی "قاڕنێ" و "چەقەڵ مستەفا"، سەر بە نەغەدەی بانگهێشت کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو دوو هاووڵاتییە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا بە نیشاندانی وێنەی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیانی وتووە کە ئەسعەد ڕامین و داود ڕەحیمی لە کاتی دەسبەسەرکرانیان، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە وڵامدانەوە لەمەڕ داواکاریی ڕادەستکردنی تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان وتوویانە کە هیچ تەرمێک بوونی نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕادەستکردنی تەرمی ناوبراوان خۆیان بواردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەسعەد و داود کردووە کە ئیزنی بەڕێوەبردنی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ ناوبراوان نییە.

پێشتریش، میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییەیان لە "تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پیرانشار ــ نەغەدە"، بڵاو کردبووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەسعەد ڕامین و داود ڕەحیمییان دەسبەسەر کردووە کە بە وتەی هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراوان بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە لە کاتی دەبسەسەرکرانیان گیانیان لەدەست داوە.

پاش ناڕوونیی چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە، چەندین جار بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادربوون لە چارەنووسی ئەسعەد ڕامین و داود ڕەحیمی، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانیان کردبوو بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدرابوو.

وێنە: داود ڕەحیمی و ئەسعەد ڕامین