ئیتلاعاتی سپا مامۆستایەکی مەریوانی بانگهێشت کرد

13:15 - 24 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتیی سپای پاسدارانی پارێزگای سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"ئەسکەندەر لوتفی\" خەڵکی شاری مەریوان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتیی شاری مەریوان و لەو ناوەندە حکوومەتییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان بە هۆی \"هاندانی مامۆستایانی بۆ بەشداری کە مانگرتنی سەرتاسەری\" بانگهێشتی ئیتلاعاتیی سپای پاسداران کراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: چالاکانی سێنفی و مەدەنیی پێداگریان لە سەر بانگ نەکردنی ئەم مامۆستا کوردیان لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە کردوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: لە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، زیاتر لە ٣٠٠کەس لە مامۆستایانی شاری مەریوان و زیاتر لە ٣٠ قوتابخانەی ئەم شارە لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان بەشداربوون و لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ خەزەڵوەر، زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە مامۆستایان لە ٢٥ قوتابخانە، لەو مانگرتنە بەشداریان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەشداری مامۆستایانی ژن لەو مانگرتنە سەرتاسەرییەدا، بەشدارییەکی بەرچاو بووە و زیاتر لە نیوەی مانگرتووان ژنان پێکیان‌ هێناوە و لە هێندێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکان بنەماڵەی قوتابیان و خانەنشین‌کراوەکای پەروەردە و بارهێنان لەگەڵ مانگرتووان هاودەنگ و هاوهەڵوەیست بوون.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەڵسووکەوتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان و حیراسەت نەشیاو بووە و بە گوشاری و هەڕەشەی بەڕێوەبەران و دەستوپەیوەندیەکانی حکوومەتی لە قوتابخانەکان هەوڵیان داوە کە ئەم مانگرتنە ڕوو نەدات و ژمارەیەک لە مامۆستایانی بە زۆرەملی کەسانی حکوومەتییەوە لە سەر پۆلی وانەوتنەوە ئامادە بوون.