ئیتلاعاتی سپا لە ئیلام هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی شاعێرێکی کوردی کرد

14:03 - 11 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: شاعێرێکی کورد، خەڵکی شاری ئیلام، لە لایەن بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی لێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، شاعێرێکی خەڵکی شاری ئیلام، بە ناوی \"حوسێن باقری\" ناسراو بە (ژاکان باران) تەمەن ٣٦ ساڵ، لە لایەن بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی لێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: هەڕەشەی بەرپرسی ئیتلاعات سپا بۆ دەسبەسەر کردنی ئەو شاعێرە کوردە، لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، ناوبراو خەڵکی بۆ خۆپێشاندان لە شاری ئیلام هان داوە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا بە توندی هەڕەشەی لەو شاعێرە کوردە کردووە و پێی وتوویە: کە ڕاگەیندراوەکەت زۆر توندە و دژی نیزامە و خەڵکت بۆ توندوتیژی هان داوە.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئەو شارەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵی ئەو شاعێرە کوردە و هەوڵی دەسبەسەر کردنیان دابوو.