ئیتلاعاتی سپا سێ هاووڵاتیی کوردیان لە شاری سەقز دەستبەسەر کرد

14:40 - 16 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدران لە شاری سەقز سێ هاووڵاتیی کوردیان خەڵکی شارۆچکەی ساحێب دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی دوێنی ١٥ی سەرماوەز، سێ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارۆچکەی ساحێب سەر بە شاری سەقز لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی \"فەریدوون ساحێىی\"، \"فواد ساحێبی\" و پەیمان شەریفی\" خەڵکی شارۆچکەی ساحێب ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپا بە بێ بەڵگەی دادگا هێڕشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە و دەستبەسەریان کردوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکار و شوێنی ڕاگرتنی ئەو سێ هاووڵاتییە سەقزیە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە ئێران ناوەندە جۆراجۆرەکانی ئیتلاعات چالاکن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە بەدەنەی دەوڵەت پێکدێنێت و چەند ناوەندێکی ئیتلاعاتی وەک: ئیتلاعاتی سپا، حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و حیفازەتی سپا، لەژێر چاوەدێریی سپای پاسداران دان.

\"ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا\"، \"ڕێکخراوی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا\" و \"حیفازەت سپا\" سێ ژێرکۆمەڵی سپای پاسدارانن کە کاری ئیتلاعاتی_ئەمنییەتیی ئەنجام دەدەن.