ئیتلاعاتی سپا داوای بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن وەکوو بارمتە بۆ ئازادیی "مێقداد حەسەن‌نژاد" دەکات

11:33 - 6 رەشەمه 2721

هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا داوای بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن پارە لە بنەماڵەی "مێقداد حەسەن‌نژاد" بۆ ئازادکردنی کاتیی کوڕەکەیان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە؛ سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەی حەسەن‌نژاد، بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕایگەیاندووە بۆ ئازادکردنی مێقداد دەبێت بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن وەکوو بارمتە دابنێن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە کوردپا ڕایگەیاندووە، پاش گواستنەوەی مێقداد بۆ ئیتلاعاتی سپا لە سنە، دایکی مێقداد ئەو ماوەیە هەر لە شاری سنە، بووە. لەو ماوەیەدا تەنیا جارێک مێقداد بە تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، بنەماڵەی حەسەن‌نژاد بەهۆی دەستکورتی توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەیان بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان نییە.

سەرچاوەی ئاگاداری کورد لەو بارەیەوە وتوویەتی؛ هێزە ئەمنییەتییەکان کاتی دەسبەسەرکردنی مێقداد حەسەن‌نژاد، چوونەتە ماڵەکەیان و بە دایکیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە لە شاری مەریوانەوە هاتووین و هاوڕێی "مێقداد"ین.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی مێقداد، دەستیان بە بێڕێزی و لێدانی ئەو هاووڵاتییە کردبوو و هەتا ئێستا لەپ‌تاپ و موبایلەکەی "مێقداد"یان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان، مێقداد حەسەن‌نژاد لەگەڵ زەمانە زیویە خەڵکی شاری سەقز، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان ئەو دوو هاووڵاتیی کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.