ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دوو کەسی لە ئیلام دەستبەسەر کرد

13:39 - 17 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەکانی سەربە سوپای پاسداران لە ئیلام، دوو لاوی کوردیان بە بیانووی \"دروست کردنی گومان و دوو دڵی\" دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی ئیلامی کە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەو دوو کەسەی بە \"لاواز کردنی بنیاتی بیروباوەڕی خەڵک\" تۆمەتبار کردووە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو کەسەو هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیرانی ئەو دووکەسە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان باس لە رادەست کردنی ئەو دوو کەسە بە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی دەکەن.

\"خەوشدار کردنی سیما مەزهەبییەکان\" و \"بەلارێدا بردنی دەقیی قورئانی\" چەندین تۆمەتی دیکەی ئەو کەسانەن کە ماڵپەڕەکانی سەربە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیلام بڵاویان کردۆتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و کارناسانی کاروباری یاسایی لەو باوەڕەدان کە هێندیک لە تۆمەتەکان لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراویان نییە و ناوەندە ئەمنییەکان بە بیانووی \"تێکدانی بیروڕای گشتی\" و \"لاوازکردنی بنەمای بیروباوەڕی خەڵک\" هاووڵاتیاین دەستبەسەر دەکەن و سزای قورسیان بۆ دەبڕنەوە.

هاووڵاتییانی کورد لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا زۆرترین گەڕانیان بۆ وشەی داعش لە گووگڵدا هەبووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، کە تێکڕای دانیشتوانی ئوستانی ئیلام هاووڵاتییانی کوردی شیعە مەزهەب پێکی دێنن.

\"24067.jpg\"
گووگڵ لە کۆتاییەکانیش ساڵی رابردووی زایینیدا بڵاوی کردەوە، هاووڵاتییانی ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا زۆرترین گەڕانیان بۆ وشەی داعش لە گووگڵدا کردووە، کە ئەم نیشاندەری هەستیاربوونی پرسە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و کورستانی سووریا لەمەڕ هێرشی داعش لای هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەگەیەنێت.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە شاری ئیلام، چەندین خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شەنگال و کۆبانی بەڕێوەچوو.