ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دوو لاوی مەهابادی دەستبەسەر کرد

16:24 - 13 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بە دەستبەسەر کردنی دوو لاوی کوردی خەلکی شاری مەهاباد لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، ئاماری دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، گەیشتە ٧٤ کەس .

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری مەهاباد دوو لاوی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بەناوەکانی کامران قوڕەیشی و زانیار سامان‌پوور، دەستبەسەر کرد.

بە گوتەی شایەتحاڵان، مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە جلوبەرگی \"شەخسی\"یەوە لە بەردەم زانکۆی ئازادی مەهاباددا ئەو دوو لاوە کوردەیان بە زەبری لێدان، دەستبەسەر و سواری ماشێن کردووە.

دەگوترێت، هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات، پاش دەستبەسەر کردنی ئەو دوو لاوە کوردە، چوونەتە ماڵی باوکی ئەو دوو لاوە کوردەو دەستیان بەسەر کامپیوتێر و چەند فایلێکی دەنگی و گرتەی ڤیدیۆیی زانیار و کامرانیشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیار سامان پوور و کامران قڕەیشی، لە دەستبەسەریی هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا ماونەتەوەو لە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری مەهاباد لە دەستبەسەریدان.

هەتا ئێستا و پاش تێپەڕینی ٥ رۆژ لە دەستبەسەر کرانی زانیار و کامراندا، هۆکاری دەستبەسەر کرانەکەیان روون نەبۆتەوە.