ئیتلاعاتی سنە، بە ناردنی کورتەنامە هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئەو شارە کرد

14:22 - 10 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ مامۆستایان، داوای لەوان کردووە لە بەشداریکردن لە مانگرتنی سەرتاسەری فەرهەنگییان خۆ ببوێرین.

بەپێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لە ڕێگای کورتە نامەوە، هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئەو شارە کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەو کورتە نامانەدا، وێرای هەڕەشە لە مامۆستایان، داوای لەوان کردووە کە لە بەشداریکردن، لە مانگرتنی سەرتاسەریی فەرهەنگییان خۆببوێرن و وەڕێخرانی ئەو مانگرتنە و پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایانی، بە \"گرووپەکانی دژبەری ئینقلاب\" شوبهاندووە.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هوشداری بە مامۆستایان داوە لە پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی دەرەوەی وڵات خۆ ببوێرن.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هوشداری بە مامۆستایان داوە کە ئەو مانگرتنە \"لە لایەن ئەو کەسانەوە کە دژە شۆڕشن ئالوودە کراوە\"؛ و لە ئەگەری بەشداریکردن لەو مانگرتنە لەگەڵ ئەوانەوە بەپێی یاسا هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکەین.

شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوای لە مامۆستایان کردووە لە لە ماوەی ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمە، لەهەمبەر جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانیان بە ئامادەبوون لە نووسینگەی قوتابخانەکان و لە چوون بۆ پۆلەکانی خوێندن خۆیان ببویرن.