ئیتلاعاتی سنه پێشی به بەشداریی حەسەن ئەمینی له کۆبوونەوەی دەرچووانی ئایینیی زاهێدان گرت

15:10 - 24 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنه پێشی به بەشداریی سەرۆکی شۆرای مەکتەب قورئانی کوردستان لە کۆبوونەوەی دەرچووانی ئایینیی سوننە مەزهەب لە زاهێدان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنه، حەسەن ئەمینی سەرۆکی مەکتەب قورئان و مامۆستای ئایینیی سوننە مەزهەبیان بانگهێشت کردووە و به ناوبراویان ڕاگەیاندووە که ئیزنی بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی دەرچووانی \"دارالعلوم\"ـی زاهیدانی نییه.

دەفتەری مەحکەمەی شەرعیی کوردستان به دەرکردنی بەیانییەک وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵه، \"فشار و هەڕەشە دژی ڕێبەران و گەوەرکانی سوننە مەزهەب\"یان بە \"دژی شەرع و یاسا\" ڕاگەیاند.

دەقی ئەو بەیانییە کە به ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

بسم اللە الرحمن الرحیم


لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دینیی دەرچووانی ئایینی و \"حفاظ\"ی حەوزەی \"دارالعلوم\"ـی زاهێدان، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی سنه، بانگهێشتی حەسەن ئەمینی، سەرۆکی مەکتەب قورئان و مامۆستای ئایینیی سوننە مەزهەب و سەرۆکی مەدرەسەی ئیمام بۆخارای سنەیان کردووە و به ناوبراویان ڕاگەیاندووە که ئیزنی بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی دەرچووانی \"دارالعلوم\"ـی زاهێدانیدا نییه.

بەپێی یاساکانی دینی موبینی ئیسلام و هەروەها بەپێی ئوسوولەکانی یاسای بنەڕەتی، بۆ نموونه ئەسڵی دوازدە، ئەم شێوە فشار و هەڕەشانە دژی ڕێبەران و گەورەکانی ئایینی سوننە مەزهەب، دژی یاسا و شەرعه.

لە دۆخی قەیراناوی ئێستای ناوچەدا، ئەو کردەوە دژی عەقڵ و دین و یاساییانە، جیا لە دروستکردنی بەدبینی و بێ هێوایی لە نێو خەڵکدا بە دەسەڵات، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نییه. ڕوون و ئاشکرایە ئەو شێوەکارانە کە دژی یاسا دەکرێت، تەنیا ئاو دە ئاشی دوژمن کردنە و بە تەواوەتی مەحکووم و بێزراوە.

دەفتەری مەحکەمەی شەرعی کوردستان
٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧