ئیتلاعات پێشی بە بەشداری حەسەن ئەمینی لە کۆبوونەوەی دەرچووانی خوێندکارە ئایینییەکان لە زاهیدان گرت

14:53 - 11 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕێگری لە بەشداری بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام بوخاری ئەو شارە، لە ڕێوڕسمی دەرچووانی خوێندکارانی ئایینیی سوننە مەزهەب لە شاری زاهیدان، کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی قوتابیانی ئایینیی لە قوتابخانەی \"دارالعلوم\"ی شاری زاهیدان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕێگری لە بەشداری کردنی حەسەن ئەمینی، بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام بوخاری ئەو شارە، لەو ڕێوڕەسمە کرد.

ساڵی رابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، پێشی بە بەشداری ئەم کەسایەتییە ئایینییە کوردە لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی قوتابخانەی \"دارالعلوم\"ی شاری زاهیدان گرتبوو.

حەسەن ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ئەم هەوڵەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەی بە \"پێچەوانەی شەرع و یاسا\" زانیووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ پووشپەڕی ساڵی ٩٦، حەسەن ئەمینی لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان، دادگایی کراوە و پاش دوو کاتژمێر لە دادگایی کردنەکەی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای لێدوان و نووسینی بابەت و وتووێژ کردن لەگەڵ میدیاکان\"، تاوانبار کرا.