ئیتلاعات و سپای پاسداران داوایان لە خەڵک کردووە، جلی خاکی لەبەر نەکەن

21:46 - 21 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی شاری شنۆ بە توندی هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی بەشداربووی فێستیڤاڵی گێلاسی ئەو شارە کردووە، بە هیچ جۆرێک حەقی ئەوەیان نییە بە جلی خاکی لەو فێستیڤاڵەدا بەشداری بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیداری ئیتلاعات و سپای پاسداران، شۆرای تەئمینی شار و گۆندەکانی شاری شنۆی ئاگادار کردووەتەوە، لە ئەگەری لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژی فێستیڤاڵی گیلاس و شوێنە گشتییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە، لەگەڵ سزای یاسایی بەرەڕوو دەبنەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئیتلاعات و سپای پاسداران تەنانەت بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە فەرمانداری شاری شنۆ لە کۆبوونەوە گشتییەکان بۆی نییە بە زمانی کوردی قسە بکات.

هەروەها ئەوە ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە، ئیتلاعات و سپای بە شۆراکانیان ڕاگەیاندووە، بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ کۆمیتەی ئیمداد دەبێ هاوکارمان بن و یارمەتی ئەو گرووپانە بدەن کە بۆ خۆیان دیاری دەکەن بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ کۆمیتەی ئیمداد.

ئیتلاعات و سپای پاسداران هەروەها بە شۆرای تەئمینیان وتووە کە، ئەوە کەسانەی وەکوو هاوکار بۆ کۆکردنەوەی پارە دیاری دەکرێن، دەبێ ئێمە بۆ خۆمان هەڵبژێرین و دەبێ مانگانە وەکوو ئەندام، مانگێ ٢٠ هەزار تمەن پارە بدەن.

ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت: \"ئیتلاعات و سپای پاسداران وتوویانە، شۆرا و دێهیارەکان، هاوکاریی ئێمە بن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لە سەر حیزبە کوردییەکان کە خەریکی کار و چالاکین لەو ناوچەیە، بدەن\".