\"ئیتلاعات و سپای پاسداران بەرپرسی گیان لە دەستدانی شەریف باجوەرن\"

22:14 - 12 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: نزیکانی شەریف باجوەر باس لە هەڕەشەی کوژرانی شەریف باجوەر لە لایەن ئیتلاعات و سپای پاسداران پێش لە گیان لە دەستدانی دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە نزیکانی شەریف باجوەر، سپای پاسداران و ئیتلاعات بە بەرپرسی گیان لە دەستدانی ناوبراو دەزانن.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"چەند ڕۆژ پێش لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانی گوندەکانی \"پێڵە و سێلسی\" کەریم محەممەدی، ئەندامی شۆرای شاری مەریوان و هاوکات ئەندامی ئیتلاعاتی سپا، هەڕەشەی کوشتنی له شەریف باجوەر کردبوو\".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیوویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: \"گیان لەدەستدانی شەریف باجوەر و هاورێیانی بە ئەنقەست بووە و گومانی تێدا نییە\".

لەو پەیوەندییەدا، لە کاتی گیان لە دەستدانی شەریف باجوەر، موختار زارعی چالاکی مەدەنیی دانیشتووی شاری سنە بە بڵاو کردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"ئەو کە ناوی شەریف بوو، بە سیفەت شەریفترین\" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: \"چوومە ئاویەر؛ گوتی گوشیەکانمان لە ناو ماشینەکەدا بە جێبهێڵێن چۆن کارەکەم زۆر نهێنییە. شەریف باجوەر گوتی: دەمهەویت لە سپا لە شاری مەریوان سکاڵا بکەم، چون پەردەی شەرمیان لابردووە و دەستیان لە ئاگردانی دارستانەکانی مەریواندا هەیە، گوتم شایەت و بەڵگەت هەیە؟ گوتی بەڵێ بەڵام دڵنیا نیم کە بوێریی ئەوەیان هەیە بێت لە دادگا شایەتی بدەن. منیش بە شۆخی پێم گوت دوو ڕێگای لە بەردەمدا هەیە یان بوێریی شایەتەحاڵەکان لە دادگا یان بوێریی گیان لە دەستدانی خۆتان لەو ڕێگایە، شەریف دووهەمین ڕێگای هەڵبژراد. شەهید بوونت پێرۆز ئەی شەریفترین\".

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەستدا.

شەریف باجوەر لە ساڵی ١٣٩٦ بە دروشمی \"نەبوونی توندوتیژی ڕێگەی پیرۆزی مرۆڤایەتییە\" لە کارێكی ناڕەزایەتییدا بە پاسکیل بەرەو تاران بەڕێکەوت.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەرکرابوو و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەوڵیان دەدا بە دروستکردنی زەخت لەسەر ناوبراو ناچاری بکەن دەست لە چالاکییە مەدەنییەکانی هەڵبگرێت