ئیتلاعات هەڕەشەی کوشتنی شاعیرێکی ئیلامی کرد

13:18 - 10 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: شاعیرێکی خەڵکی شاری مەلەکشاهی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئیلام هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاعیرێکی کورد، خەڵکی شاری مەلەکشاهی بە ناوی \"حوسێن باقری\" ناسراو بە \"ژاکان باران\" لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

دەقی ئەو نامە هەڕەشەئامێزەی کە بۆ ئەو شاعیرە کوردە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە نێردراوە، هاتووە: \"ئەگەر هۆشدارەکانی ئێمە بۆ تۆ و بنەماڵەکەت سوودمەند نەبووە و ئێمە لە ڕێنوێنی کردنی تو بێ‌هیوا ببووین، دەبێت لەگەڵ تۆ بە شێوەیەکی دیکە هەڵسوکەوت بکەین و ئەمەش بۆ تۆ گران تەواو دەبێت.\"

هەروەها لە نامەیەدا هاتووە، \"لانیکەم توزقاڵێک بیر لە دایکت کە نەخۆشە بکەوە که پاش لە ناوچوونی تۆ چی بە سەر چارەنووسی ئەودا دێت.\"

هەروەها لە بەشێکی دیکە ئەو نامەیەدا هاتووە: \"شایەد ساڵانێک دواتر تەرمێک بدۆزرێتەوە کە پێنووسێک نە بۆ نووسینی شێعری \"ضد انقلابی\" و بە بێ کڵاوێکی سوور و بە بێ \"ویلچر\" تەنیا مشتێک ئیسک و پرسووک بیت.\"

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، حوسێن باقری ناسراو بە \"ژاکان باران\" تەمەن ٣٦ ساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەڵەکشای ئیلام دەسبەسەر کرا.

ئەو نامە هەرەشە ئامێزە ئیداری ئیتلاعات لە حاڵێکدایە کە تۆمەتی وەپاڵدراو \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و نووسینی دروشم سیاسی\" هێشتا لە سەر مێزی دۆزگەی شاری مەلەکشاهی دایە.