ئیتلاعات هەڕەشەی لە چالاکانی کوردستان کردووە خۆ لە وتووێژ کردن لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ببوێرن

16:13 - 24 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات، چالاکانی کوردستانی خستووەتەوە ژێر گوشارەوە و پێی ڕاگەیاندوون لە وتووێژ کردن لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا خۆیان ببوێرن.

لە ماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان، چالاکانی مەدەنیی و سیاسی بانگهێشت و هەڕەشەی لێکردوون لە وتووێژ کردن لەگەڵ ئاژانسی کوردپا خۆیان بە دوور بگرن.

چەند چالاکێکی مەدەنیی لە کوردستان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپایان ڕاگەیاندووە:\"هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان کردووە، لە ئەگەری پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەرانبەر بە خاڵە نووسراوەکان لە یاسای سزای ئیسلامی بە تاوانبار دەناسرێن و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسووکەوتی یاسایی دەکرێت\".

هێزە ئیتلاعاتییەکان پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ئاژانسی کوردپا بە هەوڵێکی\"دژە ئەمنیەتیی\" دەزانن.

هاووڵاتییان و چالاکانی ناوخۆی ئێران لەو باوڕەدان کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیانهەوێ لەو ڕێگایەوە پەیوەندیی چالاکانی ناوخۆی وڵات لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی دەرەوەی وڵات بپچڕێنن و پردی پەیوەندیی نێوان ئەوان لەگەڵ کێشە یان تەنانەت پچڕاندن بەرەوڕوو ببێتەوە.

مافناسانیش لە سەر ئەو بڕوایەدان کە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی دەرەوەی وڵات ناتوانێت بە تەبانی دژی ئەمنییەتیی وڵات ئەژمار بکرێت، چوونکە بە سەرنجدان بە ماددەی ٦١٠ی یاسای سزا ئیسلامییەکان، تەبانی بریتییە لەوەیکە ژمارەیەک لە خەڵک لە شوێنێک کۆ ببنەوە و ئەو ژمارە خەڵکەش بیروبۆچوونەکانیان بە شاراوەیی باس بکەن و بە شێوەی نهێنیش بڕیارەکانیان بۆ ئەنجامدانی کارگەلێکی دژە ئەمنییەتی وڵات ئەنجام بدەن. بەو پێیە، وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیەندنەکان لەو ڕوانگەوە نه بەپێی ناوەڕۆکەوە و نە کۆبوونەوەی کەسەکان لە یەک شوێندا و نە دانانی پیلان و بڕیارێکه بۆ بەڕێوەبردنی کارێک دژی ئەمنییەتیی وڵات.

بەو پێیە لەگەڵ هیج مەنتقێکی حقووقی و عەقڵی ناگونجێت کە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان کە ناوەڕۆکەکەشی لە ڕێگای ڕاگەیەنەکانەوە بە دەستی خەڵک دەگات، بە کۆبوونەوە و تەبانی بە دژی ئەمنیەتی وڵات بە ئەژمار بێت.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ساڵی ٩٠ی هەتاوی دەستی بە چالاکی کردووە و ئامانج لە وەگەڕخستنی \"كوردپا، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردستان \"پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە هەواڵدەرییە وردەیە لە كوردستان. هەروەها سەرانسەری و گشتگیر كردنی رووداوەكانی كوردستان و گواستنەوەی راست و وردی ئەو رووداوانە بۆ ماڵپەڕ و راگەیەنە هەواڵییەكانی دیكە لە گرینگترین ستراتیژییەكانی ئەم ئاژانسە دێنە ئەژمار.

كوردپا، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردستان، بە رەچاوكردنی تەواوی پرەنسیپ و بنەما ئەخلاقی و مرۆییەكان بە مەبەستی دۆزینەوە و شەفافسازی راستییەكان چالاكی دەكات.