ئیتلاعات هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی دەکات

13:38 - 11 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و حیفازەتی سپای پاسداران، هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کردووە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵك نەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و حیفازەتی سپای پاسداران لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنی کردووە کە نابێت هیچ جۆرە بابەتێک لە ڕاستای پشتگیری کردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو ناوەندەی ئیتلاعات بە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنییان ڕاگەیاندووە: ئەگەر هەرجۆرە پشتیوانییەک لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک بکەن لەگەڵ سزای توندی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، فەزای زاڵ بە سەر شاری سنە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و هێزەکانی دژەشۆڕش و سپای پاسداران لە نێو شاردا بڵاوەیان پێکراوە.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبارەوە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکردووە و هێزەکانی دژەشۆڕش بە هێرش بۆ سەر خۆپیشاندەران توندوتیژیان دروست کردووە؛ هەروەها لە شاری \"دورود\" ی پارێزگای لوڕستان چوارهاووڵاتی خۆپیشاندەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.