ئیتلاعات لە کوردستان سێ هاووڵاتی دیکەی دەستبەسەر کرد

15:43 - 19 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: گوشار و ڕفاندنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ساڵی نوێدا ڕەهەندێکی بەربڵاوتری گرتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامی لە سنووری \"قاسمەڕەش\"ـی سەردەشت لاوێکی تەمەن ٣٣ ساڵەیان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە، \"محەممەد شەریفی‌بۆکانی\" کوڕی \"قادر\" ڕاگەیەندراوە.

\"\"
محەممەد شەریفی‌بۆکانی
ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لە گوازرانەوەی ئەو لاوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سەردەشت بۆ ستادی خەبەریی بۆکان لە ڕۆژی ڕابردوودا دەکات.

یەکێک لە خزمانی شەریفی‌بۆکانی لە وتووێژێکی کورتدا، ڕوونی کردەوە کە محەممەد ماوەیەک پێش ئێستا بە شێوەی یاسایی بۆ کار چووبوویە هەرێمی کوردستان، کە پاش گەڕانەوەی لە سنووری سەردەشت گیراوە.
هەروەها هێزە ئەمنیەتییەکان لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، لاوێکی دیکەیان بەناوی \"وەلی حەسەن‌زاده\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بردوویانە.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بەلانیکەم ٥ هاووڵاتیی بۆکانی بە هۆکاری ناڕوون گیراون کە لە چارەنووسییان تاکوو ئێستا زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

لە هەواڵێکی دیکەی گەیشتوودا باس لە بانگهێشت کردنی کچێکی لاو بۆ ئیتلاعاتی سنە کراوە کە هەر لەوێش دەستبەسەر کراوە.

\"\"
سەبارەت بە گیرانی \"چنار حسەینی\" کچی \"تەها\" دەوترێت کە؛ ناوبراو لە جێژنی نەورۆزی ئەوساڵدا، \" جلوبەرگی نائاسایی\"ـی لەبەر کردووە.

سەرچاوەیەک پشتڕاستی کردەوە کە چنار لە نەورۆزدا، کراسێک لە ئاڵای کوردستانی لەبەردا بووە و ئەمەش بانگهێشتکرانی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی بەدواوە بووە.

ناوبراو خەڵکی گوندی \"بۆڕیەر\"ـی سەر بە سەوڵاوایە و پاش گیرانێکی ٢٤ کاتژمێری، بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، ئازاد کراوە.

پێشتریش دوو چالاکی دنیای مەجازی لە مەهاباد و حەوت چالاکی ژینگەپارێزی مەریوانی لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەئەژمار دێن.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو چالاکی تێلگرامی لە مەهاباد دەستبەسەر کران
هێزە ئیتلاعاتییەکان ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنییان لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرد