ئیتلاعات لە وڵامدانەوە سەبارەت به چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد خۆی دەبوێرێت

15:00 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی شاری بانه، هەتا ئێستە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \"کامیار شەریفی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی مەحیەدین، خەڵکی شاری بانە، پاش یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی هێشتا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت به چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە خۆیان بواردووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەی بەدواوە بووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانیشی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە: کامیار شەریفی لە کۆتایییەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بانەوە دەسبەسەر کراوە.

لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، به ناوی \"سینا ئەحمەدی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی ڕەشید، کە ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەز، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، کە به دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی تا کاتی تەواو کردنی ڕەوتی دۆسییەکەی ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە،٣ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان، بۆ هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران ڕاگەیاندووە و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانه ڕایانگواستووە.