ئیتلاعات لە شاری مەریوان هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کرد

13:08 - 20 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەریوان هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئیدریس شەریفی\" خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کورده بێ ئاگاهی خۆیان لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردنی کوڕەکەیان دەربڕیوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کردووە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئەندامی کۆمیتەی \"معیشت و کار\" له ئەنجومەنی فەرهەنگی \"ڕۆنان\"ە.