ئیتلاعات لە خاڵی پشکنینی \"قازانچی\" کرماشان موبایلی هاووڵاتییانی دەپشکێنن

13:47 - 2 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە خاڵی پشکنینی \"قازانچی\" شاری کرماشان هەوڵی پشکنینی موبایلی هاووڵاتییان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە خاڵی پشکنینی \"قازانچی\" شاری کرماشان هەوڵی پشکنینی ماشین و موبایلی هاووڵاتییان، بە تایبەتی ئەو ماشینانەی کە پلاکەکانیان هی شارەکانی پاوە، کامیاران و جوانڕۆیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی موبایلی هاووڵاتییان، وێنە و فایلە تاکەکەسی هاووڵاتییان کە لە سەر موبایلەکەی زەخیرە کراوە، دەپشکنن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییان ناچار دەکەن هەتا کۆدی تاکەکەسی خۆیان لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هێزە ئیتلاعاتییەکان بدەن.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم کارە ئەنجام دەدەن و هاووڵاتییان بەم هەوڵەی هێزە ئیتلاعاتییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیووە و ئەم هەوڵە بە پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان دەزانن.