ئیتلاعات خوازیاری سزای زیاتری هاووڵاتییەکی پیرانشارییە

16:54 - 25 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات، بە حوکمی داسەپاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و خوازیاری سزای زیاتر بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"باپیر بەرزە\"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"چیانە\"ی شاری پیرانشار، بە سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، دووبارە تاوتووێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی \"ئەحمەد قەلاتەڕەشی\" و \"سڵێمان محەمەدنژاد\"، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە ٢٥ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە، \"باپیر بەرزە\" بە ٨ مانگ زیندان، \"ئەحمەد قەڵاتەڕشی\" بە ٥ مانگ و \"سڵێمان محەمەدنژاد\" بە یەکساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە، \"باپیر بەرزە\"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"چیانە\"، بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ میلیۆن تمەنی، \"ئەحمەد قەڵاتەڕشی\" بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆنی و \"سڵێمان محەمەدنژاد\"، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گەرگوول\"، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تەمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ کراون.