ئیتلاعات بە ناوی چالاکانی سیاسییەوە، ئێکاونتی ئینیستاگرام دروست دەکات

15:02 - 30 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعات بە ناوی چالاکانی سیاسیی کوردەوە کە بەهۆی زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستانی ئێرانەوە زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە، خەریکی دروستکردنی ئێکاونتی ئینیستاگرامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بە ناوی یەکێک لە چالاکانی سیاسیی ئەو شارەوە، دەستی بە دانانی ئینیستاگرام کردووە و لەو ڕێگایەوە پەیوەندی بە چالاکانی سیاسی یان ئەندامانی حیزبە کوردییەکانەوە دەگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئیتلاعاتی شاری ورمێ، پاش دروستکردنی ئێکاونتی ئینیستاگرام بە ناوی چالاکێکی سیاسییەوە، لە دایرێکتدا بە ناوی ئەو کەسەوە، پەیوەندیی بە چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردییەکانەوە گرتووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاشکرای کرد کە ئیتلاعاتی ورمێ لە دایرێکتی کەسیی ئینیستاگرام، داوای گەڕانەوەی چالاکانی سیاسی بۆ ئێران دەکات.

پێشتریش لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زمانحاڵی فەرمیی \"حدکا\"، لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردبوو کە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی سیخوڕی بەسەر خەڵکدا، ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر دەکرێن و ژمارە تەلەفۆنەکەیان دەکەوێتە دەستی ئیتلاعاتەوە، دواتر بۆ سیخوڕی کەڵکی لێوەردەگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە کردبوو کە لە ڕێگای فەیسبووکی ئەو هاووڵاتییەوە، پەیامیان بۆ دۆستانی ناوبراو و خەڵک ناردبوو.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردبوو کە ژمارە تەلەفۆنی ئەو هاووڵاتییانە، دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاری پێدەکرێت؛ بۆ نموونە ئەپەکانی وەک: \"تێلێگرام، واتس ئاپ و ڤایبێر\" و باقیی تۆڕەکانی دیکەی پێ دروست دەکرێت.