ئیبراهیم شەریفی‌فەر، لە بریندارکراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە شاری بۆکان گیانی لەدەست دا

20:34 - 8 سەرماوەز 2722

ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەز، ئیبراهیم شەریفی‌فەر کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری بۆکان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندارکرابوو، لە نەخۆشخانەیەک لە ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٩ ساڵەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان بەهۆی بەرکەوتنی گولــلەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە سینگی بەسەختی بریندار کرابوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئیبراهیم شەریفی‌فەر بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "سەیدوشوهەدا"ی ورمێ، کرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی خەزەڵوەر، یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی بۆکان بە ناوی "سلێمان شوکری"، کوڕی عوسمان بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گیانی لەدەست دابوو.