ئیبراهیم تاریمورادی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی بانگهێشت کرا

19:06 - 31 بانەمەڕ 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم تاریمورادی" کوڕی محەممەد ساڵح خەڵکی گوندی "هەمڕۆڵە"ی شاری سنە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی بانگهێشت کرا.

ئەو هاووڵاتییە بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لەلایەن لقی ٤ی جێبەجێکردنی یاسای کەیفەریی سنە، بەدەستی گەیشتووە، دەبێ ١٠ ڕۆژ پاش ئەو بانگهێشتنامەیە خۆی بە جێبەجێکاری یاساکان بناسێنێت.

ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزیبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کردبوو.

 ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ئیبراهیم تاریمورادی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا قۆناغی کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.