یازدە کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان بە ٤٤ مانگ زیندانی مەحکووم کران

12:12 - 12 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دوایین دانیشتنی دادگایی کردنی ١١ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پاریزگای کوردستان لە لقی ١ی دادگای شاری سنە بەڕێوە چوو.

سەرلە بەیانی دوێنێ شەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەز ١١ کەس لە ئەندامانی ئەجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای کوردستان لە دادگای شۆڕشی شاری سنە ئامادە بوون و لە ئەنجامدا لقی ١ی ئەو دادگایە ئەو ١١ کەسەی سەرجەم بە ٤٤ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

بە پێی هەواڵی \"هێرانا\" هەر کام لە: \"رامین زەندیا، بەها مەلەکی، پەیمان نەودینیان، عەلی قورەیشی، کەماڵ فەکووریان، مستەفا سەربازان، عێزەت نوسرەتی، پەرویز ناسێحی، محەممەد سەدیق سادقی، هیوا ئەحمەدی و رەزا وەکیلی\" بە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری و هەڵپەساردنی ئەو حوکمە بە ماوەی ٢ ساڵ سزا دراون.

دادگای شۆڕشی شاری سنە تۆمەتی ئەو 11 چالاکەی پڕوپاگەندە بە دژی حکوومەتی ئیسلامی ئێران راگەیاندووە.

هەروەها پێشتریش لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا ٩ کەس لەو چالاکانە بانگهێشتی دادگای شۆڕشی شاری سنە كرابوون.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا \"شاهۆ حوسێنی\" مامۆستا و چالاكی فەرهەنگیی خەڵكی مەهاباد لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەبێ‌ئامادەبوونی خۆی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم درابوو.