یارمەتیی خەڵكی مەریوان و ئەنجومەنی سەوزی چیا رەوانەی لێقەوماوانی بوومەلەرزە كرا

15:51 - 26 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش روودانی بوومەلەرزە لە ئازەربایجان، خەڵكی شاری مەریوان و ئەنجومەنی سەوزی چیا دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی یارمەتیی بۆ لێقەوامان و ئەمڕۆ لە رێگای ئەنجومەنی سەوزی چیاوە بۆیان رەوانە كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو یارمەتییە خەڵكییانەی كەلە شاری مەریوان و دەورووبەری لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خەڵكەوە بۆ لێقەوماوانی ئازەربایجان كۆ كرابۆوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێكەوتی 26ی خەرمانان رەوانەی ئەو ناوچانە كرا.

هەواڵاَنێری كوردپا ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەو یارمەتییانە كەلوپەلی ناوماڵ، خواردەمەنی، جلوبەرگ بوون كە لەلایەن خەڵكی مرۆڤدۆستی مەریوانەوە بۆ برینداران و بەركەوتوانی بوومەلەرزەكەی ئازەربایجان نێردرا ئەم هەوڵە مرۆڤدۆستانەیە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە رێك خراوە و كۆ كرابۆوە.

لە رۆژانی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و لەلایەن خەڵك و بەتایبەت چەندین رێكخراو و دامەزراوەی خەڵكی وەك \"ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان\" لە سنە و كرماشان و ناوچەكانی دیكەوە جیالە ناردنی یارمەتی و كەلوپەل بۆ لێقەوماوانی بوومەلەزە لە ئازەربایجان، چەندین تیمی فریاگوزایش سەردانی گوندەكانی دەورووبەری \"ئەهەر و وەرزقان\"یان كردووە.